100 ملیۆن دینار قەرزارن

سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ: قەرزەکان دەدەمەوە و یانەکە جێدەهێڵم

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

یانەی وەرزشی چەمچەماڵ به‌بێ ئه‌وه‌ى لە دواگەڕدا یاریی بكات، ئه‌مڕۆ دابەزی بۆ خولی پلە یەکی کوردستان و سەرۆکی یانەکەش کۆتا وەرزی بەڕێ دەکات لەگەڵ یانەکەدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 9.5.2023 لە دوایین هەفتەی خولی نایابی کوردستان، هەردوو یانەی زاخۆ و دەربەندیخان لەسەر یاریگای دوایی، رووبەڕووی یەکتر بوونەوە، یانەی چەمچەماڵ چاوی لە دۆڕانی یانەی زاخۆ بوو بۆ ئەوەی یاریی پاشکۆ بەرانبەر یانەی سلێمانی بکات، بەڵام زاخۆ بردییەوە و یانەی چەمچەماڵیش خەونەکەی لەبارچوو.

رێبوار خدر سەرۆکی یانەی وەرزشی چەمچەماڵ بۆ 964 ئاشکرای کرد، ئەم وەرزە کۆتا وەرزى سەرۆکایەتیكردنیه‌تی له‌و یانەیه‌دا، وتیشی، “ئەم چەند مانگە بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی هه‌ندێك پارە و داهات کۆبکەمەوە بۆ دانەوەی قەرزی یانەکە، کە سەرووی 100 ملیۆن دینارە”.

سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ، خۆى لە دەربەندیخان بووه‌ و تەماشاى یارییەکەی نێوان زاخۆ و دەربەندیخانى كردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات “یانەی زاخۆ بە یاریزانی تیپی خولی عێراقییەوە یاریی دەکرد “.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن