توێژینەوە: ساڵی 2022 لە عێراق چوار کەس بە کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە

+964
هۆگر عەدنان

بەگوێرەی دوو توێژینەوەی زانکۆی چەمچەماڵ، ئەگەرچی ساڵانە لە عێراق هەزاران کەس تووشی کۆلێرا دەبن، بەڵام بکوژێکی گەورە نییە و لە ساڵی رابردوودا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، سیان لە کەرکوک و یەکێک لە بەغدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەم زانیارییە لە سیمپۆزیۆمێکی زانستی زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ خرایەڕوو.

دکتۆر کارزان رەفیق خاوەنی یەکێک لە توێژینەوەکان بە 964ی وت، نەخۆشی کۆلێرا بۆ یەکەم جار لە سەدەی نۆزدەیەم لە هیندستان سەریهەڵداوە، تاوەکو ئێستا حەوت شەپۆلی جیهانی لێ بڵاوبووەتەوە و کۆتا جار لە 1961 بوو.

هەروەها وتی، لە ساڵی 2022 حاڵەتی توشبوونی کۆلێرا لە چەمچەماڵ هەبووە، “بەڵام خۆشبەختانە مردن تۆمارنەکراوە بە نەخۆشییەکە”.

دکتۆر دانا خدر مامۆستا لە زانکۆی چەرمۆو هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە مایکرۆبایۆلۆجی، هەروەها خاوەنی توێژینەوەی دووەم، بۆ 964ی باسکرد کە توێژینەوەکەی لەسەر پارێزگای سلێمانی بووە بە تەنیا.

“327 حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، بەڵام هۆکارەکان سەوزەوات و ئاوی پیس بوون، ئەوانەی تووشی نەخۆشی کۆلێرا هاتوون لەنێوان 22 بۆ 44 ساڵ بوون”، دکتۆر دانا وای وت.

بەگوێرەی دەرئەنجامی توێژینەوەکان، ئێستا نەخۆشی کۆلێرا لەسەر ئاستی جیهان بە مەترسی گەورە هەژمار ناکرێت، لەبەرئەوەی چارەسەر و رێگریی زۆر لەبەردەستن بۆ پەتاکە.