كاتى خۆى پاشای دارستان بوو
شێره‌كه‌ى نه‌جه‌ف له برسان راكشاوه
964+ نه‌جه‌ف
له باخچه‌یه‌كی ئاژه‌ڵانى نه‌جه‌ف، پڵنگێكى نه‌خۆش له سوچێك و شێرێكى برسیش له ناو قه‌فه‌سێكدا كه‌وتوون، شاره‌زایان ده‌ڵێن هۆكارى ئه‌و دیمه‌نه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وه‌ته‌ى ئه‌و ئاژه‌ڵانه هاورده‌كراون، له‌و خۆراكه ته‌ندروست و ژینگه تایبه‌ته‌ی هەیانبووە، دوورخراونه‌ته‌وه.
له نه‌جه‌ف چه‌ند باخچه‌یه‌كی گه‌وره هه‌ن و حكومه‌ت به كرێى داونه‌ته وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى شار و
به‌شێك له‌و وه‌به‌رهێنانه‌ش له وڵاتان ئاژه‌ڵى جیاجیایان كڕیوه و هاورده‌ى نه‌جه‌فیان كردووه، له‌ناویاندا شێر و پڵنگیش هه‌ن.
به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ى په‌یامنێرى 964 له نه‌جه‌ف تێبینی كردووه، ئه‌و خزمه‌ته‌ى پێشكه‌شى ئه‌و ئاژه‌ڵانه ده‌كرێت وه‌ك پێویست نییه، ته‌نانه‌ت لیژنه‌كانى ئه‌منى و چاودێریش له زۆربه‌ى پارێزگاكانى عێراقدا پێشتر ئه‌وه‌یان روونكردووه‌ته‌وه، كه دروستكردنى باخچه‌ى ئاژه‌ڵان وه‌ك پێویست نابێت.
حه‌یده‌ر غه‌زالى، چالاكوان، بۆ 964 تێبینى ئه‌وه‌ى كردووه، زۆربه‌ى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى له وڵاتانى ئوستڕالیا و هیند و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌فریقیاوه هێنراون، دوور خراونه‌ته‌وه له‌و خۆراكه ته‌ندروستانه‌ى كه پێویسته بیاندرێتێ، “ته‌نانه‌ت له جیاتى گۆشت، خواردنه رووەکیەکانیان پێده‌درێت”.
لای خۆیه‌وه حه‌سه‌نین كاشف، شاره‌زایه‌كی ڤێرتێنه‌رى، ئه‌وه دووپاتده‌كاته‌وه هه‌موو باخچه‌یه‌كی ئاژه‌ڵان پێویستى به چاودێریی ته‌ندروستى هه‌یه، ده‌شڵێت “پێویسته یاسای پاراستنى ئاژه‌ڵ كارابكرێته‌وه و ژینگه‌یه‌كى گونجاویان بۆ بڕه‌خسێندرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن گه‌شه‌بكه‌ن”.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، له ئه‌گه‌رى تووشبوونى ئاژه‌ڵه‌كان به نه‌خۆشییه‌وه، پێشبینى ده‌كرێت ئه‌و نه‌خۆشییه بۆ مرۆڤیش بگوازرێته‌وه.