قۆرت و چاڵی زۆری تیایە

رێگای سەرەكیی چەمچەماڵ بۆ تەكیە نۆژەن دەكرێتەوە

964+
كوردستان ئەحمەد

رێگای سەرەكی نێوان چەمچەماڵ بۆ تەكیە نۆژەن دەكرێتەوە و هێڵكارییش دەكرێت.

رێگاكە نزیكەی سێ كیلۆمەترە، لە دەروازەی ناحیەی تەكیەوە تا دەگاتە بەرزایی بانی مەقان نزیكەی حەوت كیلۆمەترە، لە هەردوو ساید چاڵ و قۆرتی زۆری تێدایە، لە هەندێك شوێندا ئۆتۆمبێل ناتوانێت بەشێكی جادەكە بەكاربهێنن.

ئێستا تیمێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەشفی ئەندازەی رێگاوبانی بۆ كردووە، تێچووەكەی دیاری كردووە و چاوەڕێی دابینكردنی پارەن بۆ نۆژەنكردنەوە.

هەندێك لە رێگاكە لە چەند مانگی رابردوودا چاككرایەوە، بەڵام بەشێكی زۆری ماوە.

رەمەك رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ی وت، بەمزووانە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، تەواوی شەقامەكە نۆژەن دەكەنەوە.

شەقامەكە لەگەڵ نۆژەنكردنەوە، كاری هێڵكاری و جوانكاری و هەروەها رووناكیشی بۆ دەكرێت.

شەقامی سەرەكیی نێوان تەكیكە بۆ چەمچەماڵ، رێگایەكی دوو سایدە، چەمچەماڵ و تەكیە و كەركوك و قەرەهەجیر و هەولێر بە بازیان و گۆپاڵە و سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.