قۆرت و چاڵەكانی پڕدەكرێتەوە

رێگای تونێلی میراوە و ماوەران چاكدەكرێتەوە

964+
كوردستان ئەحمەد

ئەمڕۆ تیمەكانی پاراستن و چاككردنی رێگاوبانی هەولێر دەستیان بە چاككردنی رێگای تونێلی میراوە كرد.

رێگای نێوان تونێلی میراوە، تا دەگاتە تونێلی ماوەران كیلۆمەترێك زیاترە، رێگاكە بەهۆی باران وهاتوچۆوە تێكچووبوو.

رێگاكە لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە دروستكراوە، بەڵام بەشێك لە رێگاكە لە نێوان ئەو دوو تۆنێلەدا قیر نەكراوە، ئێستا تیمەكانی چاككردنی رێگاوبانی هەلێر نۆژەنی دەكەنەوە.

فازڵ حاجی ، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە تۆڕی 964ی وت، داوا لە هاوڵاتیان دەكەین ئەم ماوەی هاوكاری و هەماهەنگی تیمەكانی چاككردنی رێگاوبان و هاتوچۆش بكەن لە كاتی كاركردندا لە رێگەكەدا.

ئەو رێگایە رۆژانی هەینی و پشوو جەنجاڵییەكی زۆری تێدا دروست دەبێت، بەهۆی ئەوەی رێگای هاتوچۆی چەند ناوچەیەكی گەشتیارییە.

رێكان حوسێن، سەرۆكی شارەوانیی شەقڵاوە لە بارەی رێگاكەوە بە 964 ی وت، هەوڵ دەدەین لە زووترین كاتدا رێگاكە تەواو بكەین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی باشتر بتوانن رێگاكان بەكاربهێنن.

ئەو رێگایە لە لایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە كاری قیرتاوی بۆ كراوە، بەڵام زیاتر لە 500 مەتری لە نێوان هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران جێهێشتوە، دەبێت كۆمپانیاكەش تەواوی بكات، رێكان حوسێن وای وت.

بە شۆفڵ و گلێدەر و چەند ئامێرێكی دیكە، كار لەسەر رێگەكە دەكرێت، چاڵ و قۆرتەكانی پڕدەكرێتەوە، هەر شوێنێك بەرزبێت دەتاشرێت و خاكەكەی دەكرێتە قەراغی جادەكە، هەرشوێنێكیش پێویستی بە خاك و پڕكردنەوە بێت خاكی لە تەنیشت جادەكەوە بۆ دەهێنرێت.