"بە جلی سەربازییەوە چووبوونە سەر ماڵەکە"
سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ 964: دوو کەس لەوانەی ماڵێکی هەولێریان بڕی دەستگیرکران
964+
شۆڕش عەبدوڵا
بە قسەی سەرچاوەیەک لەناو هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بۆ 964، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، دوو کەس لەوانەی بە جلی سەربازییەوە دزییان لە ماڵێک کردبوو دەستگیرکران.
شەوی رابردوو، 964 لێدوانی هاوڵاتیەکی دانیشتووی گەڕەکی رۆشنبیری هەولێری گواستەوە کە بە قسەی خۆی چەند کەسێک لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 5.5.2023 دزییان لێکردووە.
ئەو وتی، “دزەکان بە جلی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەرمان، دوو دەفتەر دۆلار، 10 ملیۆن دینار، شەش مۆبایل و دەخیلەیەکی منداڵانیشیان لێ دزیم”.
سەرچاوەکەی 964 باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا دوو کەس لەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراون، بەڵام چاوەڕێدەکرێت ژمارەیان زیاتر بێت.
بۆ زانیاری زیاتر، 964 پەیوەندی کرد بە پۆلیس و ئاسایشی هەولێر، یەکەمیان بەردەست نەبوو، بەڵام دووەمیان رەتیکردەوە ئاگاداری ئەو دەستگیرکردنە بێت.
تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە دەزگا ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای هەولێر بە فەرمی هەواڵی دەستگیرکردنەکەیان رانەگەیاندووە.