پێکهێنانی ژیانه هاوسەرگیری کردە عەشقی قاوەفرۆشی

١٣ ساڵە ئەو کارە دەکات

+964

مریەم ئەحمەد – هەولێر

رێبوار حوسێن، گەنجێکی دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەی هەولێرە، ماوەی ١٣ سالە کاری فرۆشتنی قاوەو چای دەکات و، لای زۆرێک لە دانیشتووانی هەولێر ناسراوە.

رێبوار، بەر لەوەی بە ناچاری کافێیەکەی بخاتە سەر پشتی پیکەبێکەوە، کافێیەکی کلاسیکی لە دار دروستکراوی هەبوو لەبەردەم دەرگای پارکی سامی عەبدولرەحمان، لەسەر شەقامی بازنەیی ٤٠ مەتری هەولێر، بەرانبەر هوتێل دیڤان.

بەر لە دووساڵ، بەچەند هۆکارێکی جیاواز، شارەوانی هەولێر ئەو شوێنەی پێ چۆڵ کرد.

رێبوار حوسێن، بۆ +964 قسەی کردووەو باس لە بیرۆکەی گواستنەوەی کافێیەکەی دەکات بۆ سەر پشتی پیکەب، دەڵێ؛ سەردانێکی ئێرانم کرد لەوێ بینیم کە کەسانێک هەن کافێیان لەسەر پشتی پیکاب دروست داناوەو زیاتر لە شەواندا لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەوتن، لەوێوە بیرەۆکەی دانانی کافێیەکەم بۆ هات.

ئەو کافێ پیکابە، بژێوی ژیانی رێبوارو دوو گەنجی تری لەسەرە، ئەوانە لە ئێوارەوە تا بەرەبەیان لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێرن، بەرانبەر دەروازەی چوون بۆ عەنکاوە، لای هوتێل لاماسیۆ.

رێبوار، ژیانی هاوسەرگیری پێک نەهێناوە، دەڵێ؛ ١٣ ساڵە ئەو ئیشە دەکەم، هەر لەبەر ئەو ئیشە بووە نەمتوانیوە ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنم.

“دوای گەڕنەوەم لە ئێران، پیکابێکم کڕی و چوومە لای ئاسەنگەر، دیزاینەکەی بۆ کردم وەک ئەوەی دەیبینن، دواتر ئەو کەلوپەلەی قاوەیەی هەمبوو هی پێش پاری سامی عەبدولرەحمان، خستمە سەر پشتی پیکابەکە، ئێرەشم هەڵبژارد کە پیکابەکەی لێ بوەستێنم، بەهۆی ئەوەی بەردەمی هیچ کەسێکم نەگرتووەو کێشەم بۆ کەس دروست نەکردووە”. رێبوار وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو ئێواران لای کاتژمێر چواری ئێوارە لە بنەسڵاوەوە دێمە ئێرە کە نزیەکەی ١٣ کیلۆمەتر لێرە دوورە، سێ کاتژمێرم پێویستە بۆ دانانی کەلوپەلەکان کە دوو شاگردم هەیە، ئەوان یارمەتیم دەدەن.

” ساڵە ئەو ئیشە دەکەم، هەر لەبەر ئەو ئیشە بووە نەمتوانیوە ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنم”

زیاتر وتی “تا پێنجی بەیانی لێرە دەمێنمەوە، لە پێشوازی میوانان و رێبواران، زۆرێک لەوانەی لە فڕۆکەخانە لە گەشت دێنەوە، لای من شتێکی گەرم دەخۆنەوە، تەنانەت زۆرجار شەوانە بەرپرسانیش سەردانم دەکەن بۆ خواردنەوەی شتێکی گەرم”.

رێبوار حوسێن، لەسەر پشتی ئەو پیکابە ٢٧ جۆری قاوە ئامادە دەکات و دەیفرۆشێت، دەڵێ؛ دیارترینی ئەو قاوانەی کە خواستی زۆریان لەسەر هەیە، قاوەی تورکی، قەزوان، هۆت شوکلاتە، قاوەی بە فستق و قاوەی بە بندق.

لەگەڵ ئەوەی کافێیەکی لەسەر پشتی پیکابێک داناوە، بەڵام سەدان قسەی نەستەق و کەسایەتییە ناودارەکانیشی لەسەر دار، بەشێوەیەکی هونەری و خۆشنووسی داناوەو دەیانفرۆشێت.

رێبوار حوسێن، لەبارەی ئەوەوە دەڵێ؛ دارەکە لە بازار دەکڕم و لەماڵەوە دەزگام هەیەو دارەکە ئامادە دەکەم بۆ نووسین، لەگەڵ سەرسامی خۆشنووس، ئەو قسانەی لەسەر دەنووسین، وێنەکانیش لە لێرە دەیبی، ئەوا خۆم دروستیان دەکەم.

کافێی سەر شەقام – ڤیدیۆ +964