پاسی هەلیکار لە گەرمیانە
964+
هونەر فارس- گەرمیان
رێکخراوێکی ئەڵمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە پاسێکەوە گەیشتووەتە کەلار، بە مەبەستی دروستکردنی سیڤی و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجان.
رێکخراوەکە ناوی ((GRZ، هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی داتا لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی داتاکانی هەلیکار.
بڕیارە پاسەکەیان تاوەکو شەممەی داهاتوو لە گەرمیان بمێنێتەوە.
ئەوان بە خۆیان دەڵێن “پاسی راوێژکاریی گەڕۆک”، بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە، هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕینی بەسەرکردووەتەوە و بڕیارە دوای تەواوبوونی وادەکەیان لە گەرمیان سەردانی پارێزگای دهۆکیش بکەن.
سۆران نازمی تەمەن ٢٥ساڵ، دەرچووی بەشی ئینگلیزی زانکۆی گەرمیانە، سەرباری ئەوەی شارەزاییەکی باشی لە بەرنامەکانی کۆمپیوتەر و زمانی ئینگلیزیدا هەیە، کەچی تا ئێستا بێ کارە.
سۆران، رۆڵی ئەو رێکخراوانەی کە پاڵپشتی گەنجانن و هەوڵی دۆزینەوەی هەلیکار دەدەن بە گرنگ وەسف دەکات، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بە ئومێدی دۆزینەوەی هەلی کار، بۆ ناوتۆمارکردن سەردانی رێکخراوەکەی کردووە.
کاوە جەبار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی گەرمیانە، بۆ 964+ی باسکرد، “ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان هۆبەی تایبەتمان سەبارەت بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان هەیە و پێویستمان بەم سیڤی و داتایانە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لە کاتی هەبوونی هەلیکاردا پەیوەندی بەو گەنجانەوە بکەین کە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە”.
رێکخراوەکە لە رێگەی تیمێکی شارەزاوە سیڤی بۆ گەنجانی بێکار دروستدەکات تا ئێستا لە گەرمیان زیاد لە ٥٠ گەنج سەردانیان کردوون، لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ جاری یەکەم چوونەتە گەرمیان، توانیویانە ٢٥ هەلیکار بۆ گەنجانی ئەو دەڤەرە بدۆزنەوە.
بە قسەی عەدنان محەمەد، بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی گەرمیان بۆ 964+، رێژەی بێکاریی لە گەرمیان سەدا ٣٠ە، لەو رێژەیەش، سەدا ٢٠ بۆ ٢٥ی لە گەنجانن.