هێشتا نزیکەی شەش ملیار دینار قەرزارە

یانەی دهۆک موڵکەکانی بۆ گەڕایەوە

964+
هیڤی دێوالی-دهۆک

بەهۆی ئەو سکاڵایانەی لەسەر یانەی دهۆک بوون، ماوەی چەند ساڵێک بوو دەستبەسەر چەندین موڵکی ئەو یانەیە گیرابوو، بەڵام دادگا لە بەرژەوەندی یانەی دهۆک بڕیاری دا.

کۆی گشتی سکاڵاکان 13 بوون، بەشی زۆری سکاڵاکان لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018 تۆمارکرابوون، لەلایەن یاریزانان، خاوەن موڵک و کەسانی دیکەوە بوون، کە پارەیان لای یانەی دهۆک بووە، بەو هۆیەوە موڵکەکانی یانەی دهۆک دەستیان بەسەردا گیرابوو

دادگای تێهەڵچونەوەی دهۆک، لە 18.4.2023 بڕیاری دەستبەسەرداگرتنەکەی هەڵوەشاندەوە.

زنار زوبێر، پارێزەری یانەی دهۆک بە 964ی راگەیاند، ئەو 13 سکاڵایەی تۆمارکرابوو لە بەرژەوەندی یانەی دهۆک یەکلا کرایەوە، هاوکات بڕیاردرا بودجەی یانەی دهۆک لە بەرژەوەندیی خاوەن قەرزەکان بەکارنەیەت.

بەوتەی زنار زوبێر، ئەو پارەیەی وەک قەرز لەسەر یانەی دهۆک بووە، بە هۆی ئەو سکاڵایانەوە پتر لە 300 ملیۆن دینار بووە.
964 دەزانێت، ئەو موڵکانەی یانەی دهۆک کە دادگا دەستبەسەرداگرتنی خستبوونەسەر، هەریەکە لە کۆمەڵگەی تەندروستی روناهی ناحکومی، بەنزینخانەی دهۆک سپۆرت لە گەڕەکی نزارکێ و دوو پاسی یانەی دهۆک بوون.

بە پێی زانیارییەکان، کۆی گشتی ئەو قەرزانەی تا ئێستا لەسەر یانەی دهۆکە نزیکەی شەش ملیار دینارە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی