کارەبای نیشتمانی دەبێتە کارت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر دەکرێنە سیستمی پریپەید، سەرچاوەیەک دەڵێت لە ئاییندەدا کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری.

عەلی ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبا، بۆ 964 قسەی کرد، وتی “لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمدا لە پێنج شوێن دەستمان پێکردووە، بازاڕی لەنگەی هەولێر، پڕۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی، بازاڕی سلێمانی، عەلوەی سلێمانی و لە دهۆک ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی دهۆک چوونەتە ناو ئەو سیستمە”.

بە وتەی عەلی ئیسماعیل، ئەمڕۆ هەریەکە لە پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوونی فیوچەر سیتی و پارک ڤیو تەواوکراوە، هەفتەی داهاتوو هەریەکە لە پڕۆژەکانی گوندی ئیتالی یەک و دوو، رۆیال تاوەر، کواترۆ و شوقەکانی ناز سیتی تەواو دەکرێن.

پڕۆژەی کارەبای پریپەید، شێوازێکی نوێی دابەشکردنی کارەبایە، هەر ماڵێک لە رێگەی ئەو ئامێرە پێوەرە زیرەکانەی دانراوە، بە رێگەی کارت هەژماری کارەبای ماڵەکەی پڕدەکاتەوە.

بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک دەڵێت، دوای پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون، دەچینە گەڕەکەکان، ئەگەر هەندێک رێکاری ئیداری نەبێت دەتوانین لەماوەی 24 کاتژمێردا کارەبای یەک ملیۆن هاوبەش بەو سیستمە ببەستینەوە و کارای بکەین.

بڕیارە ئەو پێوەرە زیرەکانەی لە کۆڵانەکان بەستراون، شێوازەکەی بگۆڕدرێت لە پۆست ئەی بۆ پریپەید، دواتر کارت دابیندەکرێت و لە رێگەی ئۆفیسی کراوەی 24 کاتژمێری هاوڵاتیان دەتوانن کارتی دابینکردنی کارەبا بکڕن.

لە لایەکی دیکە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ 964 لە بارەی کارەبای پریپەید وتی، “بە جێبەجێکردنی تەواوی ئەو پڕۆژەیە، کارەبای سەرجەم هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێر”.