رێژەی سەوزایی 19.5%ـە
هەولێر بە 15000 گوڵە قەدیفە دەڕازێندرێتەوە
964+
فەرمان سادق
هەڵەمەتی جوانکاری و رێکخستنەوەی پارک و باخچە و دوورگە ناوەندییەکانی هەولێر دەستی پێکردووە و ئێستا سەرقاڵی چاندنی 15 هەزار گوڵە قەدیفەن.
گوڵی قەدیفە، گوڵێکی وەرزییە و ساڵانە لە هەولێر زیاتر لە 15 بۆ 20 هەزار گوڵ لە دوورگە ناوەندییەکان یان بلوارەکان و بخچە و پاڕەکەکان دەچێندرێت، کە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە نەمامگەکانی خۆیاندا دەیچێنن.
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت، هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە چاندنی ئەو گوڵە قەدیفانە.
دەشڵێت: بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی سەوزایی شاری هەولێر لە 14.3.2023، دەستکراوە بە چاندنی 100 هەزار دار، ئەو هەڵمەتە بەردەوامە، لەگەڵیشدا ئەو دارانەی چاندراون دەوروبەریان پاک دەکرێنەوە.
لە هەولێر زیاتر لە 450 پارک و باخچە هەیە، لەم ژمارەیە 20 دانەیان پارکی گەورەن و ئەوانی دیکەش باخچەی گەڕەکەکانن.
بە قسەی رێبین ئەحمەد بێت، رێژەی سەوزایی لەسەر بە پێوەری رووبەر دەگاتە 19.5%، بەڵام ئەو رێژەیە کەمە و دەبێت زیاتر بکرێت و ئەمەش ئیشی زۆری دەوێت.