دیمەنێک لە گوندەکانی کوردستان- فۆتۆ تایبەت بە 964
شەش پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکانی ماوەت جێبەجێ دەکرێن
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
شەش پڕۆژەی ئاوی خواردەنەوەی بۆ گوندەکانی سنووری قەزای ماوەت خرانە جێبەجێکردنەوە.
پێنج لەو پڕۆژانە بەشێوازی راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن و دانەیەکیش تەندەرینی بۆ دەکرێت.
پڕۆژەکانی ئاو بۆ گوندەکانی بەزەڕو، سەرکەند، خمانەی شەشۆ، بڵخوان، دارەبەن و دەشتی تلێ جێبەجێ دەکرێن کە 420 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخانکراوە.
لەو شەش گوندەدا نزیکەی 115 ماڵ سودمەند دەبن لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە، کە لە پێشتردا ئاوی خواردنەوەیان پێ نەگەیشتووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پڕۆژانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئومێد عەبدوڵا، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی ماوەت بە 964ـی راگەیاند، لە سنووری قەزای ماوەتدا 37 پڕۆژەی ئاو هەیە، بە تەنیا لەناو قەزاکەدا 484 هاوبەشی ئاو هەیە، کە پارەی ئاویان لێوەردەگیرێت و ئەوانەی لە گوندەکاندان نزیکە چوار ھەزار ماڵن و پارەی هاوبەشی ئاویان لێوەر ناگیرێت.
گەورەترین کێشەی ئاو لە مانگەکانی هاویندا دروست دەبێت، هاوڵاتیان زیادەڕەوی دەکەنە سەر رووبارەکان و لە پشتی پڕۆژەکانی ئاودا غەتاس دەخەنە ناو رووبارەکان و دەبێتە هۆی وشکبوونی رووبارەکان.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق