بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم شاندێک لە تورکیایە

964+

فەهمی نەبی

بەپێی سەرچاوەیەک، ئەمڕۆ شاندێکی هەرێم و بەغدا چونەتە تورکیا بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

چەند دەزگایەکی راگەیاندنی عەرەبی لەزاری سەرچاوەیەک لە هەرێمی کوردستان بڵاویانکردوەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕێکەوتوون بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەو شاندە رێککەوتن لەگەڵ چوار کۆمپانیای دەکات، بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، هاوکات گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکرێت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر دوبارە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

رۆژی 25ی ئادار، دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیای ناچارکرد بە راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکرد زیاتر لە 40 رۆژە هەرێم نەوتی نەفرۆشتووە.

بەپێی ئەو رێکەوتنەی لەساڵی 1973 لە نێوان عێراق و تورکیا هەیە بۆ گواستنەوەی نەوت لە رێگای بۆریەوە، عێراق، تورکیا تۆمەتباردەکات بە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنە کە بەبێ پرس تورکیا رێکەوتنی لەگەڵ هەرێم کردووە بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی.

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، تورکیا ناچارکراوە بە قەرەبووکردنەوەی عێراق بە بڕی ملیارێک و 471 ملیۆن دۆلار، بەوتەی ئەو بەرپرسەی هەرێم، تورکیا رێگری لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم، دەکاتە کارتی فشار بۆ لێخوشبوون لەو پارەیە لەلایەن عێراقەوە.