پێشتر قەدەغە کرابوو

بەهۆی فرۆشتنی ڤەیپەوە چەند دوکانێک سزا دران

964+

توانا نەقی

کڕین و فرۆشتن بە جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە لە قەزای دەربەندیخان لە سەرەتای مانی نیسانەوە قەدەغە کرا، بەڵام بەشیک لە فرۆشیاران بڕیارەکەیان جێبەجێ نەکرد و سزادراون.

بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە و وەزارەتی تەندروستیش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردەیەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی قەزای دەربەندیخان، فرۆشیارانی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییە ئاگادار دەکاتەوە واز لە مامەڵەکردن بەو ئامێرەوە بهێنن.

سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند: “بڕیارەکە لە بنەڕەتدا هی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتییە تەنیا لە دەربەندیخانیش جێبەجێ کراوە.

وتیشی، مانگێک دەبێت بڕیارەکامان خستووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە بۆیە زانیمان دوو سێ دووکانی فرۆشنی جگەرە ئەو ئامێرەش دەفرۆشن بڕیارماندا بە سزادانی مادییان و گەراندنەوەی ئەو ئامێرانە بۆ شوێنەکانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە ئەوەندەی ئەوان ئاگادار بن تا ئێستا تەنیا لە دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت، رێکارەکان بەردەوامن و دوای ئاگادارکردنەوە و دەست بەسەرداگرتنی ئەو ئامێرانە، ئەگەر خاوەن دوکان بەردەوام بوو لە فرۆشتنی، دەدرێتە دادگا.

لە قەزای دەربەندیخان لانی کەم دوو دوکانی تایبەت بە فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی هەیە، جگە لە دوکانی پاکەتفرۆشان، کە جگەرەی ئەلیکترۆنیشی تێدا دەفرۆشرێت.