جارێكی دیکە کارکردن لە رێگای کەلار – دەربەندیخان راگیرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

جارێكی دیکە کارکردن لە رێگای کەلار – دەربەندیخان راگیرا و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش، هۆكاره‌كه‌ بۆ خەرجنەکردنی پارە بۆ بەڵێندەری پڕۆژەکە ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ .

ساڵی رابردوو بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه‌دا راگیرابوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا که‌ریم عه‌لی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هه‌واڵى وه‌ستانى كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ و لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی، “بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆ بەڵێندەری پڕۆژەکە، کارەکانی پرۆژەی دوو سایدی کەلار – سلێمانی ماوەی چەند رۆژێکە راگیراوە”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن ده‌شڵێت، “ئێستا پێویستە هەموو لایەک هەڵوێستمان هەبێت و بێدەنگ نەبین لە ئاست راگرتنی کارەکانی پرۆژەکە، چونکە لە سنووری گەرمیان رۆژانە نەوت دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت و دەروازەی پەروێزخانیش بووەتە جێگایەک بۆ خۆدەوڵەمەند کردنی چەند کەسێک، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو بەناو پرۆژەی وەبەرهێنانەی، کە لە سنووری قەزای کەلاردا جێبەجێ دەکرێن و بوونەتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی پارە بۆ چەند کەس و گرووپێک”.