لە پێنجوێنەوە دەستپێدەکەن

ئاگربڕ بۆ دارستانە سروشتی و دەستکردەکانی سلێمانی دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە، ئاگربڕ بۆ دارستانە سروشتی و دەستکردەکانی پارێزگای سلێمانی دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوان دەڵێت، لە پێنجوێنەوە دەستپێدەکەن.

ساڵی 2022 لە سنووری پارێزگای سلێمانی 23 دۆنم دارستانی سروشتی سوتاوە، دارستان و پاوان لە بەرنامەیدایە ئەمساڵ رێگری لە سوتانی ئەو بڕەش بکات.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 570 هەزار و 496 دۆنم زەوی دارستانی سروشتی و 15 هەزار و 980 دۆنم دارستانی دەستکرد هەیە.

ئەمساڵ گژوگیا زۆرە و ئەگەر بە پلان و بەرنامە دارستانەکان نەپارێزرێن، لە کاتی وشکبوونیدا لە هەر ئاگرێکی بچووکدا زیانی گەورە بۆ دارستانەکان دروست دەبێت. هاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی وای بە تۆڕی 964 وت.

وتیشی، “بە فەرمانی وەزیری کشتوکاڵ لە هەفتەی داهاتووەوە پلان و بەرنامەی ئاگربڕ دادەنێین و سەرەتا لە دارستانەکانی قەزای پێنجوێنەوە دەستپێدەکەین”.