بەشێک لە منداڵەکان بە تەنیا دەچن بۆ تەماشاکردنی یارییەکان
964+
مەجید بتوێنی
بەشێکیان یارییە ئاگرینەکانیان بەدەستەوەیە و رووبەڕووی یەکتری دەیتەقێنن، نوقمی بۆن و دووکەڵی بوون. هەندێکی تریشیان خۆیان بە سیاجی یاریگادا هەڵواسیوە، ئەوانی تریش چوونەتە سەر ستونە بەرزەکانی دەوروبەری، دوای پاسی یانەی میوان دەکەون و بە گوێی هێزە ئەمنییەکان ناکەن.
ئەم سەرکەشیانە منداڵانی تەمەن شەش بۆ 17 ساڵ دەیکەن لە هەردوو رەگەز، لەناو یاریگای ئازادەڕەش لە شاری رانیە لەکاتی بەڕێوەچوونی خولە وەرزشییەکان ئەنجامی دەدەن.
دیاردەی کۆبوونەوەی منداڵان بەشێوەیەکی ناڕێک و هەڕەمەکی بە گشتی لە یاریگاکانی کوردستان دەبیندرێت، ئەو منداڵانەی لەژێر چاودێری کەسوکار و دایک و باوکیان نین، رەنگە ڕۆژێک تووشی زیانێکی دەروونی و جەستەیی ببنەوە، کە دواجار نەک لە وەرزش بەڵکو لە ژیان داببڕێن.