بەهاکەیان ملیار و نیوێک دۆلارە
40 پڕۆژەی کشتوکاڵی مۆڵەتیان هەیە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
40 پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی وەبەرهێنانیان هەیە. دەستەی وەبەرهێنان پلانی هەیە مۆڵەتی زیاتر بەو پڕۆژانە بدات.
هەریەکە لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و بازرگانی کارنامەی دەستەی وەبەرهێنانن و بۆ ئەمساڵیش دەستەکە دەیەوێت مۆڵەت بە 200 پڕۆژە بدات و زۆرینەیان لەو سێ کەرتەدا بن.
ئەو 40 پڕۆژەیە بەرهەمی جۆراوجۆری کشتوکاڵین و بەهاکەیان ملیار و نیوێک دۆلارە.
هەڤاڵ سدیق، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، کابینەی نۆ گرنگی بە کەرتەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کشتوکاڵ دەدات و دەیەوێت وەک سەرچاوەی دووەمی داهات دوای نەوت پەرەی پێبدات.
وتیشی، “ئەمساڵ دەستەی وەبەرهێنان خۆی پڕۆژە بۆ وەبەرهێن بە پێی پێویستی پێشنیار دەکات و 200 پڕۆژە بە بەهای 10 ملیار دۆلار ئامادەن”.