نۆرەگرتن زیاتر لە 30 رۆژە
ئەگەر لە رانیە کێشەی ددانت هەبێت وەزعت خراپە
964+
مەجید بیتوێنی – رانییە
هەر کێشەیەک لە ددانەکانتدا بێت و لە شاری رانییە بیت، دەبێت زیاتر لە 30 رۆژ سەرەبگریت تا لە سەنتەری ددانی شارەکە نۆرەت دێت، ئەوە دانیشتوانی رانیەی نیگەران کردووە.
ئەگەرچی سەنتەرەکە رۆژانە 80 نەخۆش چارەسەر دەکات، بەڵام سەردانکەرێکی زۆری هەیە و هەریەکە لە ئیشەکانی، شتن، تەلدانان، دروستکردنی تاقم و نەخۆشییەکانی پووک ناکرێن. هەروەها ناوبەناو دەرمانی بەنج نامێنێت.
تەنیا بۆ پڕکردنەوەی ددانێکم ماوەی 45 رۆژ نۆرەم گرتووە و ئینجا بەرمکەوتووە. ئەوە وتەی شۆڕش وەلی، دانیشتووی شاری رانیە بوو بۆ تۆڕی 964.
بە پێی ئامارەکانی سەنتەرەکەو ساڵی پار 9556 پشکنین ئەنجام دراوە، 1456 پڕکردنەوە، 1038 دەمار بڕین و 86 نەستەرگەری، 2816 ددانکێشان ئەنجام دراوە.
23 پزیشک لە سەنتەرەکەدا کاردەکەن و پێویست بوو لە دوانیوەڕواندا بە نرخێکی دیاریکراو کار بکەن، بەڵام تا ئێستا دوانیوەڕۆیان سەنتەرەکە نەکراوەتەوە.
“لەبەر بەرژەوەندیی هەندێ پزیشکی دەرمانساز سەنتەرەکە ئێواران ناکرێتەوە تا نەخۆشەکان سەردانی نۆرینگە تایبەتەکان بکەن”، سەرچاوەیەکی تەندروستی راپەرین وای بە تۆڕی 964 وت.
زیرەک حسێن، بەڕێوەبەری سەنتەری رانیە بۆ تەندروستی دەم و ددان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، زیاتر لە 10 جار بە نووسراوی فەرمی داوای چارەسەری ئەم کێشانە و فراوانکردنی سەنتەرەکەیان کردووە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەکراوە.
وتیشی، “هۆکاری ماوەی درێژی نۆرەگرتن ئەو فشارەیە کە لەسەر سەنتەرەکەیە”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد