مەرجی هەرزانبوونی بەنزین بۆ 450 دینار ئاشکرا دەکرێت

964+

مەریەم ئەحمەد – هەولێر

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راگیرانی دابەشکردنی بەنزینی 690 دیناری رەتدەکاتەوە و دەڵێت: ئەگەر نەوتی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە ئەوا نرخی بەنزین دەبێتە 450 دینار.

چەند رۆژێکە دەنگۆی راگیرانی دابەشکردنی بەنزینی 690 دیناری بڵاوبووەتەوە و لەگەڵیشدا دەنگۆی هەرزانبوونی دەکرێت بۆ 450 دینار.

بەنزینی 690 دیناری کە حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان دابەشی دەکات، دوای وەستانی بۆ ماوەیەکی زۆر، ماوەی مانگێک دەبێت جارێکی دیکە دەست بە دابەشکردنەوەی کراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26.4.2023، ئەو دەنگۆیە لە هەولێر بڵاوبووەوە.

سەرباز عومەر، بە ئۆتۆمبێلەکەی دەچێتە یەکێک لەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی 690 دیناری تێدا دابەشدەکرێت، ئەو قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئەمڕۆ بەیانی سەردانی یەكێك لە بەنزینخانەكانم كرد، پێیانوتم بەنزینی 960 تاوەكو دوای سەری مانگ دابەش ناكرێت و لە سەرەتای مانگی داهاتووش نرخەکەی دەبێتە 450 دینار.

پێوەند بەو بابەتە، 964 پەیوەندی بە هۆشەنگ سەباح، نوێنەری سامانە سروشتیەكان كرد.

هۆشەنگ سەباح بە 964ـی وت: بەنزینی 690 دیناری بەردەوام دەبێت لە دابەشكردنی، ئەگەریش نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بكرێتەوە، ئەوا نرخەکەشی دادەبەزێت بۆ 450 دینار.

زیاتر دەشڵێت: تاوەكو ئێستا هیچ بەڵگەیەكی فەرمیمان لەبەر دەست نییە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق