لە سێ مانگدا 450 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی کردووە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت گەشتیار زیادی کردووە و هۆتێلەکانیش دەڵێن گەشتیاریان کەمە. هیچ گەشتیارێکی وڵاتانی کەنداویش نەهاتوونەتە پارێزگاکە.

سێ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو 250 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی کردبوو، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 450 هەزار گەشتیار.

ئارام ئەمین، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، گەشتیاری ئەمساڵ زۆر زیادی کردووە و پێشبینی دەکەین زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی 2022 رێژەکە بەرزببێتەوە.

ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 150 هەزار و 230 گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە.

ئارام ئەمین وتیشی، “دوو ساڵە یەک دوو گروپی بچووکی گەشتیاری کەنداومان هەیە و ئەمساڵ لە چاو ساڵی رابردوو گەشتەکانیان زیاتر بوون بەڵام ژمارەیان نازانین”.

تۆڕی 964 بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ دوو هۆتێلی پێنج ئەستێرەی شاری سلێمانی کرد و لە دۆخی گەشتیاری پرسی.

بەشی مارکێتینی هۆتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی، کە نەیانویست ناویان بهێندرێت بە 964یان راگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو گەشتیاری کەمتریان لە هۆتێلەکە هەبووە.

وتیشیان، “نە پار و نە ئەمساڵ هیچ گەشتیارێکی وڵاتانی کەنداومان نەبووە”.

هاوکات بە هەمان شێوە بەشی مارکێتینی هۆتێل تایتانیک بە تۆڕی 964یان وت، “ئەمساڵ گەشتیاریان کەمتر بووە لە ساڵی رابردوو و هیچ گەشتیارێکی وڵاتانی کەنداویشیان نەبووە، چونکە تا تورکیا و وڵاتانی تر وەستابن ئەوان بۆ گەشت نایەنە کوردستان”.

هەردوو هۆتێلەکە بە پاساوی رێکنەخستنەوەی ئامار، هیچ ئامارێکیان رانەگەیاند.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد