رێگای كوێستانەكانی قەزای چۆمان داخران
964+
فەرمان سادق
لەسەر تێکدانی ژینگە و سروشتی ناوچەکە لەلایەن گەشتیارانەوە قایمقامیەتی قەزای چۆمان رێگەی بە رووی گەشتیاران داخست.
“ژینگە و سروشتی باڵەکایەتی، جێگەی سەرنجی هەزاران گەشتیاری کوردستانە، دیمەنە دڵرفێنەکانی کانی بەست و چیای هەڵگورد و گۆمی فێڵاو و کیکانی گوڵە شلێران بوونەتە شوناسی گرنگی ناوچەکەمان، كەچی بەداخەوە بەشێک لە کەسانی نابەرپرس و بێ مۆڕاڵ بوونەتە هۆکارێک بۆ وێران کردنی سروشتی ناوچەکەمان، دواجار دەبنە هۆی گومان خستنە سەر هەموو ئەو وێرانییەی وەک ناخیان بۆ تێکدانی سروشت”. قایمقامیەتی قەزای چۆمان لە راگەیەندراوێکیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 25.4.2023 بڵاوی کردووەتەوە، وا دەڵێت.
ئەو راگەیەندراوە لە کاتێکدایە لە سێ رۆژی رابردوودا بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە، گەشتیارێکی زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو دەڤەرەیان کردووە.
دوێنێ 964، هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە گەشتیاران زیانی زۆریان بە گوڵە شلێرەکان گەیاندووە.
قایماقیەتی چۆمان لە راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت: بۆ پارێزگاریکردن لە سروشتی ناوچەکە لەسەر فەرمانی قایمقامی چۆمان و بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، هەڵسان بە داخستنی ئەو رێگایە تا ئۆتۆمبێل نەتوانێت بگاتە نێو گوڵە شلێرەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە “دڵنیایی دەدەینە خەڵکی کوردستان کە دەزگا ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ دۆزینەوەی ئەو دەروون نەخۆشانەی کە بوونەتە هۆکاری ئەو وێرانییەی ژینگە، تا لە رێگەی یاساوە دەستگیر بکرێن و کاردانەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت”.