بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان بۆ 964: بەختمان ھەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
جۆرە ڤایرۆسێک کە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ھەوکردنی مێشک، بووە بە ھۆکاری نەخۆشکەوتنی بەشێک لە منداڵان، رەنگە بەختیشیان ھەبێ، ھەروەک پزیشکێکی پسپۆر دەڵێت، “ڤایرۆسەکە کوشندە نییە”.
لە دوایین پشکنینی تاقیگەیی لە کۆی 12 حاڵەتی نەخۆشکەوتنی منداڵان، ھەشت حاڵەتیان وەک توشبوون بە نەخۆشی ھەوکردنی مێشک لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.4.2023 دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە کە ھاوکات پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵانە بە تۆڕی 964ی وت، “ئەو ئەنجامە پێمان دەڵێت کە حاڵەتەکانمان زۆرن، بەڵام گەیشتووین بەو دەرئەنجامەی کە بەکتریاکانی نێو ڤایرۆسەکە کوشندە نین و بەختمان ھەیە، خۆ ئەگەر کوشندە بوونایە، دەگەیشتین بە دۆخێک کە کەس نەیبینیبێت”.
ماوەی مانگێکە ئەم نەخۆشییە لە کاتی پشکنین لەناو تاقیگەکاندا و لەناو منداڵاندا تۆمارکراوە، بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، “رێژەکە زۆرە، رەنگە زۆرێک لە منداڵان ڤایرۆسەکەیان گرتبێت، بەڵام نیشانەکانی کەم بن یان ھەستی پێنەکراوە، بۆیە ئەگەر ئەوان پشکنین بکەن دڵنیان رێژەکە زۆر زیاتر دەکات”.
ئەو پسپۆڕە دڵنیایە لەوەی دۆخەکە کاتییە و تێدەپەڕێت، وتیشی، “گرنگە دایک و باوک ئاگاداری دۆخی تەندروستی منداڵەکانیان بن کاتێک تا یان سەرئێشە و مل رەقبوونیان ھەیە، جگە لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە نابێت تێکەڵی منداڵانی دیکە بکرێن”.
دکتۆر پشدەر بە باشی دەزانێت، بۆ ئەو منداڵانەی کە توشبوون بەم نەخۆشییە، ماسک بەکاربھێنرێت تا نەبنە ھۆکاری گوێزەرەوەی نەخۆشییەکە و دەستی منداڵەکان زوو زوو بشۆردرێن، کەرەستە و کەلوپەلی تایبەت بەخۆیان بۆ دابینبکرێت، ئەوەش تا ماوەی کۆتایی ھاتنی ڤایرۆسەکە لەناو جەستەیدا.