حاجیاوا.. حەوت مانگە بێ قایمقامە

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

+ڤیدیۆ

دوای حەوت مانگ لە کردنی بە قەزا، هێشتا قایمقامێک بۆ قەزای حاجیاوا دانەنراوە، ئەمەش وایکردووە هەر بەڕێوەبەری ناحیەکە کاروبارەکان بەڕێوە ببات.

ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بە 964+ـی راگەیاند، هەموو کارە ئیداری و یاساییەکان سەبارەت بە قەزا بوونی حاجیاوا کۆتایی هاتووە، بەڵام تائێستا کەسێک نەکراوە بە قایمقام، ئەمەش “وایکردووە من وەک بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا لە پۆستەکەم بەردەوام بم و، ئیدارەی قەزایەکەش بکەم، کە دەبوو بەپێی رێکاری ئیداری و یاسایی بیانکردبام بە قایمقامی حاجیاوا بە وەکالەت تا قایمقایمی نوێ دەستبەکاردەبوو”.

حاجیاوا، لە ٢١ـی تەمووزی ١٩٩٩ لە کۆمەڵگایەکی زۆرەملێوە کرا بە ناحیە، هاوکات لە ٢١ـی نیسانی ئەمساڵ، بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە قەزا بوونی دەرچوو.

ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا ئاشکرای دەکات کە هۆکاری دواکەوتنی دانانی قایمقامێک بۆ رێک نەکەوتنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە، دەڵێ “سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لە دەستی یەکێتی دایە، گۆڕانیش داوای ئەو پۆستە دەکات، بەڵام یەکێتی رازی نیە”.

جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی حکومەت، نیگەرانی لای خەڵک و کاسبکارانیش دروستکردووە.

عومەر مستەفا، کاسبکارە لەناو بازاڕی حاجیاوا بە 964+ـی وت “پێویستە چی تر مەسەلەی حزبایەتی و کێشە سیاسییەکان نەبنە هۆی دواکەوتنی خزمەتکردنی خەڵک و شارەکە، هەرچی زووە ئەو شتانە وەلا بندرێن و کەسێکی شیاو کە بتوانێت خزمەت بکات لەو پۆستەدا دابندرێت”.

ناحیەی حاجیاوا، سەر بە قەزای رانیەیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. یەکێکە لە گەورەترین ناحیەکانی کوردستان لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە کە ٧٣ هەزار کەسە، هەروەها ٢٤ گوندیشی بەسەرەوەیە.