ئەم ئۆفەرە بۆ جەژنە
لە بەردەم هەر گۆڕستانێکی هەولێر تانکەرێک دەوەستێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بۆ یەکەم رۆژی جەژن، لە هەر گۆڕستانێکی شاری هەولێر تانکەرێک ئاو دادەنرێت، هەرکەس دەچێتە قەبرستانەکان دەتوانێت لە کاتی تینوبوون یان پێویستی دیکە بەکاریبهێنێت.
سەرۆکایەتی شارەوانيی ھەولێر دەزانێت وەک نەریتێکی ساڵانە، هاوڵاتییەکی زۆر لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا دەچنە گۆڕستانەکان، بۆیە ئەم بڕیارەی داوە.
“لە رێگەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، ھاوکاری ھاوڵاتیان دەکەین لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ سەر گۆرستان بەدابین کردنی ئاو”، شارەوانیی ھەولێر وا دەڵێت.
شارەوانیی هەولێر ئەم قسانەیان لە فەیسبوکی خۆیان پۆست کردووە، دەشڵێن “لە بەردەم ھەر گۆڕستانێک تانکەرێکی ئاو وەستاوە بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان”.
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی هەینی، 21.4.2023، یەکەم رۆژی جەژنی مانگی رەمەزانە.
هاوکات، دیوانی وەقفی سونی عێراق، سبەینێ هەینی بە یەکەم رۆژی جەژن دیاریی کردووە، بەڵام عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، رۆژی شەممەی وەک یەکەم رۆژی جەژن دیاریی کردووە.