ئه‌مشه‌و كلاسیكۆی كوردستان له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ یاریی كلاسیكۆی كوردستان له‌ خولی نایابی عێراق، ئه‌مشه‌و یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری میوانداریی یاریی نێوان هه‌ولێر و دهۆك ده‌كات.

یارییه‌كه‌ كاتژمێر 9:45 ده‌ستپێده‌كات و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زۆر به‌هێز بێت.

هه‌ولێر وه‌زعی باشه‌ و له‌وه‌ته‌ی عه‌باس عوبێد مه‌شقی تیپه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، ئه‌نجامه‌كانی زۆرباش بووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا دهۆك به‌هۆی كێشه‌ی مووچه‌ی یاریزانانه‌وه‌ له‌ كێشه‌دایه‌، هه‌روه‌ها یانه‌ی هه‌ولێریش له‌و كێشه‌یه‌ به‌ده‌ر نییه‌ و له‌ رۆژانی رابردوو له‌ ڤیدیۆیه‌كدا كه‌ له‌ سۆشیال میدیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، شێركۆ كه‌ریم یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ ئاشكرا به‌ پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت موچه‌مان بۆ خه‌رج بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ به‌هێزیی یارییه‌كه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت جه‌ماوه‌رێكی زۆریش ئاماده‌بن.

پێش به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه‌، یانه‌ی دهۆك له‌ پله‌ی شه‌شه‌مه‌ به‌ 36 خاڵ، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی هه‌ولێر له‌ پله‌ی 14یه‌ و 29 خاڵی هه‌یه‌.

یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ دوای دابڕانێكی زۆری یانه‌ی دهۆكه‌ له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری، كه‌ دواجار له‌ 2014 له‌و یاریگه‌یه‌دا به‌رامبه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر یاریی كردووه‌.

هاوكات جه‌ماوه‌رێكی به‌رچاوی هانده‌رانی یانه‌ی دهۆك روویان له‌ هه‌ولێر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هانی تیپه‌كه‌یان بده‌ن و تۆڕی 964 ڤیدیۆی تایبه‌تی له‌م باره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.