بجیل چوار مانگە یانەیە و یاریگەی نییە
964+
زەید کۆچەر
ناحیەی بجیل یانەیەکی تۆپی پێی بۆ گەنجەکانی دامەزراندووە، بەڵام لە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ هێشتا هیچ یاریگەیەکیان نییە.
ناحیەی بجیل دەکەوێتە سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک.
لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو یانەکە دامەزراوە، بە ناوی یانەی وەرزشی بجیل، ئێستا لە خولی پلە دووی کوردستان بەشدارە.
لەمبارەیەوە، رەهێڵ شەعبان بەڕێوەبەری کارگێڕیی یانەی بجیل بە 964ی وت، “ئێمە چەندین ساڵ بێ بەش بووین لە یانەیەکی وەرزشی، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا هەمانە، بەڵام بەدەست نەبوونی یاریگەوە بێزارین، ناچارین یارییەکانمان لە یاریگەکانی ئاکرێ ئەنجامبدەین و تا ئێستا چوار یاریمان کردووە”.
بەپێی زانیارییەکانی 964، لە ناحیەی بجیل تەنیا چەند یاریگەیەکی شەش یاریزانی هەن، کە بۆ خولی پلە دووی کوردستان گونجاو نین.
“ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی ناحیە نوسراوێکمان کردووە بۆ پارێزگای دهۆک و داوای یاریگەمان کردووە، ئەوانیش نووسراوەکەیان رەوانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ ئەوەی ئەو وەزارەتە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری نەوت و غاز کە لە دەڤەرەکە هەن رێبکەوێت بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی 11 کەسی شیاو بۆ خولی پلە دوو”، بڕوا فایەق بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل وای بە 964 وت.
بە قسەی ئەو، تا ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەک رێنەکەوتووە.
ژمارەی دانیشتووانی بجیل نزیکەی 20 هەزار کەس دەبێت و لە ساڵی 1938 بووەتە ناحیە.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر