دوای 10 ساڵ لە وەستانی گۆڤاری کاروان دەردەچێتەوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی رۆشنبری بڕیاریداوە بەشێوەیەکی وەرزی گۆڤاری کاروان دەربکاتەوە، هاوکات گۆڤاری هەنگی منداڵان بەشێوەی مانگانە دەردەچێت.

یەکەم ژمارەی گۆڤاری کاروان لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1982 دەرچوو، دوای راپەڕین بە دیزاینێکی نوێ ئەو گۆڤارە بەردەوام بوو، بەڵام لەساڵی 2013 بەهۆی قەیرانی دارایی لە دەرچوون وەستا.

ئازا حەسیب قەرەداغی، سەرنوسەری ئەو گۆڤارە بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: ساڵێک بەر لە ئێستا پڕۆژەیەکمان بۆ دەستپێکردنەوەی گۆڤارەکە پێشکەشی وەزارەت کرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو، دواجار بڕیاردرا لەو نەسریەی بەردەستە لە وەزارەت دەستبکەینەوە بە چاپکردنی گۆڤارەکە.

سەرنوسەری گۆڤاری کاروان دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بودجەی دیاریکراو ناتوانن مانگانە گۆڤاری کاروان دەربکەن، بەڵکو بەشێوەی وەرزی دەردەچێت.
هاوکات ئەوەشی وت “لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی بودجە ناتوانین پاداشتی ئەو نووسەرانە بکەین کە بابەتمان بۆ دەنووسن”.

بەپێی ئەو بڕیارە بێت کە وەزارەتی رۆشنبیری داویەتی، لەگەڵ بڕیاری دەرچوونەوەی گۆڤاری کاروان، بڕیارە گۆڤاری هەنگی منداڵان بەشێوەی مانگانە دەربچێتەوە.

گۆڤاری کاروان، بابەتی ئەدەبی و هونەریی لەخۆدەگرێت، تایبەتمەندە بە لێکۆڵینەوەکانی ئەو بوارە، لەم رۆژانە ژمارە 253ی دەردەچێت.
سەبارەی بە چۆنیەتی دابەشکردنی گۆڤارەکە ئازا حەسیب قەرەداخی وتی، تیراژی 750 دانەی لێ چاپکراوە و بڕیارە دابەشی سەر هەموو شارەکان بکرێت، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە بۆ فرۆشتن بێت یان بۆ بەخشینەوە.