ئەو ئۆتۆمبێلانەی تۆمارنەدەکران پشکنینیان بۆ دەکرێتەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە پێشتر بەهۆی بوونی لێدراوی لە پشکنین دەرنەدەچوون و تۆمارنەدەکران، دووبارە پشکنینیان بۆ دەکرێتەوە بە مەبەستی ئەوەی تۆماربکرێن و تابلۆیان پێبدرێت.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، رۆژی یەکشەممە نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و گومرگەکان کردووە و دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هیچ یەکێک لەو کەموکوڕیانەیان تێدا نییە کە لە رێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2023ـدا هاتووە، تۆمار دەکرێن.

نووسراوەکە رۆژی یەکشەممە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن وەزیری ناوخۆ واژوو کراوە و 16.4.2023ـی لەسەرە.

بە پێی رێنماییەکان، بۆ ئەوەی تۆمار بکرێت، دەبێت ئۆتۆمبێلەکە ژێرئاوکەوتوو، سووتاو و بڕاوە نەبێت، شاسیی بڕاوە نەبێت، توکمەی دەرگا یان سەری بڕاوە نەبێت و هەموو ئێرباگەکانی کاربکەن.

مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە دەبێت بڕوانامەی “COC” لە لایەن وڵاتی هەناردەکار بدرێت بەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەکراون، بڕوانامەی “COC” بەڵگەیەکی سەلمێنەرە کە ئۆتۆمبێلێک هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە، کە لە رێساکانی یەکێتی ئەوروپادا دانراون.

بۆ پشکنینی ئەو ئۆتۆمبێلانە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کۆمەڵگەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دروست دەکرێت و دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

“لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئابووری چوارچێوەی ئیداری و تەکنیکی ئەو کۆمەڵگەیە دادەڕێژن”، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.