لاوانی نەورۆز لە یاریگای خۆی تووشی شکست هات
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لاوانی نەورۆز لەسەر یاریگای خۆی بەرامبەر لاوانی شورتە بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر دۆڕا.
ئەمڕۆ شەممە 15.4.2023، لە گەڕی هەشتەمی خولی تۆپی پێ لاوانی یانە پلە نایابەکانی عێراق، لاوانی نەورۆز رووبەڕووی لاوانی شورتە بووەوە.
یارییەکە لەسەر یاریگای زانکۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لە گێمی یەکەمیشدا هەردوولا ئاستێکی مامناوەندیان پێشکەشکرد و یارییەکەش بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە گێمی دووەم هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی نەورۆز هەوڵەکانیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ چر کردەوە، بەڵام یانەی میوان توانیان لە رێگەی یاریزان تەیف نەجم لە خولەکی 76 گۆڵ پێشکەوتن تۆمار بکەن کە بووە گۆڵی بردنەوەش و یارییەکەش بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
بەو دۆڕان، لاوانی یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی بە 10 خاڵ مایەوە و دابەزیە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی تۆپی پێ لاوانی یانە پلە نایابەکانی عێراق.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق