خولی نایابی کوردستان

شێروانە و زاخۆ یەکسان بوون

964+

میلاد جەلال-گەرمیان

ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی، لە گەڕی 26ی خولی نایابی کوردستان، یانەی شێروانە لەنێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی زاخۆی کرد، بەڵام ھیچ لایەکیان نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن.

ھەرچەندە ھەردوو یانەکە لە سەرەتا تاوەکو کۆتایی یارییەکە چەندین ھێرشیان بۆسەر گۆڵی یەکتر دەکرد، بەڵام لێدانەکانیان گۆڵی نەپێکا، یارییەکە بەبێ گۆڵ و بە خاڵێک بۆ ھەردوولا کۆتایی ھات.

بەختیار مەحمود، یاریدەدەری راھێنەری یانەی شێروانە بە تۆڕی 964ى راگەیاند “یانەی زاخۆ لە ڕیزبەندی کۆتاییەکانی خولەکەن، ھیچ شتێکیان نەبوو لەدەستی بدەن، بەتەواوی ھێزی خۆیانەوە ھاتبوونە یاریگا و سودیان لە یاریزانی خولی عێراقی وەرگرتبوو، بۆ ئەوەی دانەبەزنە خولی پلەیەکی کوردستان، بۆیە نەمانتوانی گۆڵ تۆمار بکەین”.

لە بەرامبەریشدا فەرھاد بەھجەت یاریزانی یانەی زاخۆ بۆ تۆڕی 964 باسی لەوەکرد “ھاندەرانمان دڵنیا دەکەینەوە ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەدەین و دانابەزینە خولی پلە یەکی کوردستان”.

بەم ئەنجامەش، یانەی شێروانە بە 32 خاڵ و یانەی زاخۆ بە 23 خاڵ، لە پلەکانی حەوتەم و چواردەیەمی ڕیزبەندی خولی نایابی کوردستانن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی