باران گورزی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دوکانیش وەشاندووە

964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی قەزای دوکانیش بەدەر نەبوون لەو زیانەی بارانبارینەکەی چەند رۆژی رابردوو دروستی کردبوو. کشتوکاڵی دوکان دەڵێت، گەنم و جۆ و درەختە بەردارەکان زیانیان بەرکەوتووە.
رێژەی بارانبارین لە 72 کاتژمێری رابردوودا لە قەزای دوکان 41.4 ملیم بووە. هەروەها لەو ماوەیەدا ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 25 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
رووبەری زەویی کشتوکاڵی سنووری قەزای دوکان 279 هەزار و 42 دۆنم زەوییە. لەگەڵ 5882 دۆنم زەویی مەخمورە، کە بەو زەویانە دەوترێت لە وەرزی زستاندا دەکەونە ژێر ئاوی دەریاچەی دوکان و لە وەرزەکانی تریشدا دوای کشانەوەی ئاوەکە دەردەکەونەوە.
ناسکە عومەر فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دوکان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بارانەکە زیانی بە هەندێک رووبەری بە گەنمچێندراو گەیاندووە و گوڵەکانی شکاندوون، ئەو گەنمەشی کەوتبێت و هەڵنەستێتەوە، ئەوا رەنگە تووشی نەخۆشییەکانی وەک بڕکە، وشکە و ژەنگڕزین ببێت.
وتیشی، “ئەو زەویانەی لە چەمەکانی چەرمەگا، تابین، شیلەخان، گرژە و گولیجە نزیکن بەهۆی زۆربوونی ئاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
درەختە بەردارەکانی وەک قەیسی، هەرمێ، پڕتەقاڵ، نارنج و سندی زیانیان بەرکەوتووە، چونکە کاتی گوڵدەرکردنیانە و هەڵوەریون، ئەوە سەرەڕای شێواندنی شەتڵی تەماتە و پیازیش. ناسکە عومەر وای وت.