خەڵکی زاخۆ بۆ ماوەیەکی نادیار بێ ئاو دەبن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لەبەر پیسبوون و لێڵ بوونی ئاوی ماڵان ، خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ماوەیەکی نادیار بێ ئاو دەبن.
بەهۆی بارانبارینی بەخووڕ و دروستبوونی لافاو، پێدانی ئاو بۆ خەڵک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ماوەیەکی نادیار دەوەستێت تا ئەو گرفتە چارەسەر دەکەن.
ئەندازیار سالح زاخۆیی، بەڕێوەبەری ئاوی زاخۆ بۆ 964 وتی، فلتەری پاککردنەوەی هەردوو پڕۆژەی ئاوی زاخۆ توانای پاککردنەوەی ئاوی لە ئێستادا نییە، بۆیە ئەو ئاوە پاکەی خەڵک هەیانە زیادەڕەوی لە خەرجکردنیدا نەکەن تا ئەو کاتەی ئاوی پاکیان بۆ دابیندەکەن.
وتیشی، دوو پرۆژەی ئاو لە زاخۆ هەیە، “هەموو تواناکانمان دەخەینە کار بۆ ئەوە بەزوترین کات دووبارە پێدانی ئاو دەستپێبکات، بەڵام با خەڵکیش لەگەڵمان هاریکار بن چونکە ئاو زۆر پیس بووە و فشارێکی زۆر لەسەر فلتەرەکان هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی