حکومەتی هەرێم: لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەین
964+
فەهمی نەبی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی پێکهێناوە و ئامانجی ئەوەیە لێکۆڵینەوە لە “رووداوەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی” بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە، هاوکات ئەوەش هاتووە “نابێت هاوڵاتیان باجی ئەو رووداوانە بدەن”.
لە ماوەی 10 رۆژدا دوو رووداوی پەیوەست بە فڕۆکەخانەی سلێمانی روویان دا، رۆژی 3.4 دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیاند، چوار رۆژ دوای ئەوە ئێوارەی رۆژی هەینی 7.4 هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، هیچ زیانێکی گیانی لی نەکەوتەوە.
بەو لیژنەیەی حکومەتی هەرێم، ئەوە سێیەم لیژنەیە لە بارەی رووداوی هێرشە ئاسمانییەکە دروست دەکرێن.
پێشتر رۆژی 8.4 لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بارەی هەمان رووداو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پێکهات، دواتر پەرلەمانی عێراق ئەوانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێنا.
هێشتا هیچ یەک لەو لیژنانەی دروستکراون، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانیان رانەگەیاندووە.
رۆژێک دوای هێرشە ئاسمانییەکە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تورکیای بە ئەنجامدانی رووداوەکە تۆمەتبارکرد، ئەوەشی وت کە ئامانج لە رووداوەکە کردنە ئامانجی ئەو بووە.