بارانبارین لە سلێمانی نزیکەی دوو هێندەی ساڵی رابردووە

964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
رێژەی بارانباری لە شاری سلێمانی بۆ 608 ملم زیادی کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە پار تەنیا 377.7 ملم باران باری بوو.
بەپێی بەدواداچوونەکانی 964، لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا و بەتایبەت دوای ئەو شەپۆلە چڕەی لە دوێنێ سێشەممە 11.4.2023 دەستیپێکردووە، 21 ملم بارانبارین زیادی کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پارساڵ رێژەی بارانبارین لە سلێمانی 377.7 ملم بووە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا 608 ملم باریوە.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ـی وت، رێژەی بارانبارین لە شاری سلێمانی تا ئێستا نزیکەی دوو هێندەی ساڵی رابردووە و 608 ملم باریوە، بەمەش بیر و ئاوی ژێر زەویی سلێمانی بووژاونەتەوە.