"پزیشکێک" نێرگەلە و پایپی فرۆشتووە
لە چەمچەماڵ چەند شوێنێک بە هۆکاری سەیر داخران
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
لە چەمچەماڵ دوو تاقیگە، نۆرینگەیەکی دانسازی و دەرمانخانەیەک و ئارایشتگایەک داخران. قایمقامیەتی چەمچەماڵ دەڵێت، نێرگەلە و جگەرەی ئەلکتۆرنی لە شوێنی پزیشکیدا فرۆشراوە.
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی چەمچەماڵ ئەمڕۆ سێشەممە 11.4.2023 بەدواداچوونیان بۆ ئەو شوێنانە ئەنجامداوە.
لیژنەکە بۆیان دەرکەوتووە، لە تاقیگەیەکدا جوانکاری بۆ ژنان کراوە و قژیان بۆ بڕاوە.
لە نۆرینگەی دانسازێکیشدا نێرگەلە و جگەرەی ئەلیکترۆنی فرۆشراوە. دەرمانخانەیەکیش داخراوە، کە دوو خۆبەخش دەرمانیان بە نەخۆش داوە و ئارایشتگایەکیشیان داخستووە چونکە هیچ مۆڵەتێکی نەبووە.
ئەیوب حەمەغەریب، ئەندامی لیژنەکانی قایمقامیەتی چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەو دانسازەی نۆرینگەکەی داخراوە چەندان جاری تر لە شوێنی تر نۆرینگەکەی داخراوە، لەکاتێکدا مۆڵەتیشی نییە لە شوێنی تر دەیکاتەوە، “بەڵام ئەمجارە من ناهێڵم نۆرینگە لە رێگەی هیچ کەسێکەوە بکاتەوە”.
وتیشی، “ئەو شوێنانە کاری نایاساییان تێدا کراوە و سەرجەمیشیان رووبەڕووی یاسا کراونەوە”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد