شاری هەولێر هێندەی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم قورئانخوێنی هەیە
964+
فەهمی نەبی
بەپێی ئەو ئامارە بێت کە کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستان بە 964ی داوە، لە کۆی ژمارەی قورئانخوێنان لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێم، بەتەنیا شاری هەولێر، نیوەی ژمارەی هەموو قورئانخوێنانی هەرێمی کوردستانی هەیە.
ئەوانەی ناویان لە کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستان تۆمارکردوە، هەزار و 450 کەسن.
فواد مەلا ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستان بۆ 964 وتی “زۆرترین ژمارەی قورئانخوێنمان لە شاری هەولێرە، ژمارەیان 720 قورئانخوێنی پرسەیە، لەو ژمارەیە 180یان مەلاژنیان پێ دەڵێن، ئەو ژنانەن کە لە پرسەکان قورئان دەخوێنن یان مەولود دەخوێننەوە”.
بەوتەی فواد مەلا ئەحمەد، ژمارەی قورئانخوێنی پرسەکان لە پارێزگای سلێمانی 350 قورئانخوێنە، لە پارێزگای هەڵەبجە ژمارەیان 75 قورئانخوێنە، لە پارێزگای دهۆکیش ژمارەیان 185 و لە سنووری قەزای سۆران ژمارەیان 120 قورئانخوێنە.
بەپێی ئەو ژمارانە بێت، ژمارەی قورئانخوێنەکان لە شاری هەولێر نیوەی ژمارەی هەموو قورئانخوێنەکانە لەهەر سێ پارێزگاکەی دیکە.
سەرۆکی کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستان، گلەیی لە مامەڵەی حکومەت هەیە، دەڵێت: ساڵێک لە پێشبڕکێیەک دووەم بووین، کە قورئانخوێنەکە گەڕایەوە سزا درا، وتیان بەبێ پرسی ئێمە بەشداریت کردووە.
لە پەیڕەوی کۆمەڵەی قورئانخوێنان هاتووە، ئەو کەسەی لە پرسەکان قورئان دەخوێنێت، مەرجە دەبێت ئەندامی کارا بێت.
لەبارەی نرخی پرسە فواد مەلا ئەحمەد وتی “تابلۆمان لە هۆڵی پرسەکان هەڵواسیوە، نرخی یەک رۆژ قورئانخوێندن 75 هەزار دینارە، خاوەن پرسە ئازادە لەوەی زیاتری بداتێ، بەڵام قورئانخوێن بۆی نیە موناقەشە لەگەڵ خاوەن پرسە بکات لەسەر پارە، قورئانخوێنمان هەبووە دوو مانگ راگیراوە و لەسەر هەمان رەفتار نەمانهێشتووە قورئان بخوێنێت”.
کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستان، لەساڵی 1999 دامەزراوە، بارەگای سەرەکی لە شاری هەولێرە، ئێستا هەزار و 450 ئەندامی هەیە.