پێنج رۆژە گەڕان بۆ تەرمی دوو کۆڵبەری خنکاو بێئەنجامە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ماوەی پێنج رۆژە دوو کۆڵبەر، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیان لە ئاوی بەنداوێکی بانەدا خنکاون و گەڕان بەشوێن تەرمەکانیاندا بێئەنجام بووە.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئەفشین فەلاحی، 22 ساڵان و مەهدی رەحمەتی 23 ساڵان خەڵکی شاری سەقزن و بۆ کۆڵبەری هاتوچۆی سنوورەکانی بانەیان کردووە و لە بەنداوی عەباس ئاوادا خنکاون.

باوکی ئەفشین فەلاحی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، زانیویەتی کە کوڕەکەی بۆ کۆڵبەری دەچێتە سنووری بانە، بەڵام رۆژی پێنجی نیسان، لەدوای دەرچوون بۆ کارەکەی سۆراخی نەماوە.

بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەفشین و مەهدی، پێنج تیمی مەلەوانی شارەزا لە شارەکانی بانە، سەقز، بۆکان، مەریوان و سنە چوونەتە بەنداوی کێلە، بەڵام هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

بڕیار وایە ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەکی زیاتر مەلەوان لە شارەکانی مەهاباد و ورمێشەوە بە کەرەستە و پێداویستی زیاترەوە بچنە بەنداوی کێلە بۆ دۆزینەوەیان.

سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی بانە رایگەیاندووە، بە هۆی زۆربوون و ساردی و لێڵی ئاوی بەنداوەکە، تاوەکو ئێستا هەوڵەکانیان بە ئەنجام نەگەیشتووە.