وێنە - 964+
“هەوری سوپەرسێڵ و لافاو دروستدەبێت”
964+
توانا نەقی
بە پێی پێشبینیەکان لە شەوی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، لە شەوی سێشەممەوە ئەو شەپۆلە بارانەی روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات بەهێزە و ئەگەری بارینی تا 60 ملیم باران هەیە.
سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، ئەو شەپۆلە بارانەی بەڕێوەیە تا رادەیەک مەترسی دروستدەکات، چونکە کاتی هاتنی شەپۆلەکە مانگی نیسانە و رێژەی شێ و پلەکانی گەرمی لەو مانگەدا بەرزن.
وتیشی، شەپۆلەکە بە هێز و فراوانە و لە دەریای رەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای عەرەب، نیمچە دوورگەی عەرەبی و عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
“لە هەرێمی کوردستان ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵ و خێرایی باش زیاد دەکات، مەترسی دروستبوونی لافاویش لە هەولێر و سلێمانی و شارەزوور و بەشێکی گەرمیان هەیە، شەپۆلەکە لە شەوی سێشەممەوە دەستپێدەکات و قوڵاییەکەی لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەوە دەستپێدەکات” کەشناسەکە وادەڵیت.
هەر لەسەر مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو و ئامادەکاریەکانی لایەنی پەیوەندیدار بێوار عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ی راگەیاند، لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێم ژمارەی بەرگری شارستانی 115یە، هاوڵاتیان دووچاری هەر گرفت و مەترسییەک بوونەوە دەتوانن پەیوەندی بکەن بەو ژمارە و لە هەر پارێزگایەکەوە بیکەن بەرگری شارستانی ئەو پارێزگایە وەڵام دەداتەوە و دەچن بە هانایانەوە.