"رێگاكەیان خراپە"

30 گوندی دەڤەری دەرکاری زاخۆ داوای قیرتاو دەکەن

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

30 گوندی سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی زاخۆ، داوای قیرتاوکردنی رێگاکانیان دەکەن، ئیدارەی خۆجێی شارەکەش دەڵێت: داوای بودجەمان کردووە.

ناحیەی دەرکار دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای باتیفایە.

نزیکەی 30 گوندی سنووری ئەو ناحیەیە بێ رێگاوبانن، یان ئەوەیشی هەیە بێسەروبەرە و هاتوچۆ بە ئەستەم پێیدا دەکرێت، گوندەکانی مامیس و نوردینا و مێرگێ لەو گوندانەن رێگاکانیان زۆر خراپن.

مەردان سندی، خەڵکی یەکێک لەو گوندانەیە بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت: ئەگەر رێگاوبانی گوندەکانمان باش بوونایە ئەوا پێدەچوو زۆربەی خەڵکی گوندەکان سەرقاڵی کشتوکاڵ بوونایە، بەڵام رێگایەکە هێندە خراپە لە هاویندا بە زەحمەت دەتوانین هاتوچۆ بکەن نەک زستان.

ڤەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار، دان بەوەدا دەنێت کە ئەو گوندانە کێشەی رێگاوبانیان هەیە.

دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بۆ 964 وتی: رێگای پێنج گوند تێکەڵڕێژ کراوە، هەروەها یەکێکیش قیرتاو کراوە و چوار گوندی تریش بەم نزیکانە کێشەی رێگاکانیان چارەسەر دەبێت.

زیاتر وتی “ئەوانەی ماون داوای بودجەمان کردووە بۆ ئەوەی کێشەی رێگاوبانی سنوورەکە بە تەواوەتی چارەسەر بکەین”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق