خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکانی گەرمیان گردبوونەوە

+964‪

میلاد جەلال – کەلار

دوای بڕیاری قایمقامیەتی قەزای کەلار لە رێگریکردن لە ناردنی مریشک بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە خاوەن کێڵگە پەلەوەريیەکان لە بەردەم بینای قایمقامیەتی قەزاکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر ئەو بڕیارە.

بڕیارەکەی قایمقامیەتی قەزای کەلار پاش ئەوە دێت، کە نرخی کیلۆیەک مریشک گەیشتە چوار ھەزار و 700‪ دینار.

ئيدریس محەمەد نوێنەری خاوەن کێڵگە پەلەوەریيەکانی گەرمیان بە تۆڕی 964‪ وت”پێشتر لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی سنوورەکە کۆبووینەتەوە و رێکكەوتووین لەسەر ئەوەی مریشکی خوار دوو کیلۆگرام رەوانەی ناوچەکانی خوارووی عێراق بکرێت، چونکە لای خۆمان خواست لەسەر مریشکی بچووک نیيە، بەڵام ئێستا رێگری لە مریشکی خوار دوو کیلۆیش دەکەن”.

باسی لەوەش کرد، ژمارەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە گەرمیان نزیکەی 175‪ کێڵگە بووە،  بەڵام بەھۆی زەرەرمەندبوون و ھاوکارینەکردنی حکومەت ئێستا نزیکەی 25 کێڵگەی پەلەوەری ماونەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا