تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی رۆژنا رۆژێکە
964+
دیسکی کوردی
وەزیری پەروەردە رێکارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە لە 29ی نیسان دەستپێدەکات و بەشێوەی رۆژنا رۆژێک بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9.4.2023، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا سێ بڕیاری لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو کە ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: لەبەر بەرژەوەندی قوتابیان و خوێندکاران، ئاگاداری (لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان)م کردووەتەوە کە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی لە خولی یەکەمدا (رۆژنا و رۆژێک) دابنێن. بەجۆرێک لە رێکەوتی 29.4.2023 دەستپێبکات و لە رێکەوتی 10.5.2023 کۆتا تاقیکردنەوەی خولی یەکەم بێت.
دووەم: سەرپەرشتیاران بەشێوەیەکی چالاکانە رۆڵدەگێڕن لە تاقیکردنەوەکان بە سەرپەرشتیارانی بنەڕەتی و ئامادەییەوە، دابەشدەبن بەسەر قوتابخانەکان (حکومی و ناحکومی) و لە قوتابخانەکان و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەمێننەوە.
سێیەم: نابێت مامۆستایانی پۆلی نۆی بنەڕەت لە قوتابخانە (حکومی و ناحکومییەکان) چاودێری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی بنەڕەتی بن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزیری پەروەردە دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوو خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بڵاودەکەنەوە.