61 هەزار و 119 باجدەریان هەیە

داهاتی ساڵانەی باجی خانووبەرەی گەرمیان ملیارێک و 400 ملیۆن دینارە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

داهاتی ساڵانەی باجی خانووبەرەی گەرمیان یەک ملیار و 400 ملیۆن دینارە. ئیدارەکە خاوەنی 46348 خانوو و 13041 دوکان و کۆگا و 1730 زەویی باجدەرە.

بە پێی یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2007ـی پەرلەمانی کوردستان، کە هەموارکراوی یاسای ژمارە 162ـی ساڵی 1959ـی باجی خانووبەرەی عێراقە، باجی بەکرێدان 9%ـی کۆی کرێی ساڵەکەیە، هەروەها باجی زەویش 2%ـی نرخە خەمڵێندراوەکەیەتی.

بەڕێوەبەرایەتی باجی خانووبەرەی گەرمیان، لە رێگەی لیژنەکانی خەمڵاندن، وردبینی، خەمڵاندنی موڵکی حکومەت، کرێچی و خاوەن موڵک و سەرژمێری گشتی کارەکانی دەکات.

زانیارییەکان هی راپۆرتێکی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێیی گەرمیانن، کە یەکەیەکی رۆژنامەوانی و چاودێرییە و بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی ئەمەریکی (NED) کارەکانی دەکات و راپۆرتی مانگی ئازاری 2023ـی تایبەتە بە باجی خانووبەرەی ئیدارەی گەرمیان و رۆژی چوارشەممە 5.4.2023 بڵاوکراوەتەوە.

زانیارییەکانی راپۆرتی یەکەکە ئاشکرای دەکات، وێڕای ئاستەنگی زۆر بۆ گەیشتن بە ژمارەیەکی دروست، بەڵام روونیکردووەتەوە داهاتی ساڵانەی باجی خانووبەرەی گەرمیان لەنێوان ملیارێک و 400 بۆ ملیارێک و 500 ملیۆن دیناردایە.