خەڵکی دەشتی نەینەوا دەحەسێنەوە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

رێگای باعەدرێ بۆ بەدریک دەکرێتە دووساید کە رێگایەکی بازرگانییە و دانیشتووانی ناوچەکەش بەهۆیەوە دەحەسێنەوە.

دوای شەش مانگ لە دەرچوونی بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

درێژی رێگایەکە 22 کیلۆمەترە، لە مەفرەقی باعدرێ دەستپێ دەکات و بە ئەلقوش تێدەپەڕێت تا دەگاتە مەفرەقی بەدرییە کە باکووری موسڵ.

رێگایەکە، دەبێتە رێگایەکی بازرگانی و هەموو ئەو بارهەڵگرانەی لە زاخۆوە لە تورکیاوە داخڵ دەبوون، ئیتر دەتوانن راستەوخۆ بەو رێگایەدا بچنە موسڵ، بەمەش دەبێتە رێگایەکی بازرگانی.

شەریف سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دەشتی نەینەوا  بە 964ـی وت “پێش شەش مانگ بڕیاری بە دووساید کردنی رێگایەکە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی عیراق دەرچووە، دوای ئەوە پڕۆژەکە درا بە بەڵێندەرێک کە دوو رۆژە دەستکراوە بە دروستکردنی، ماوەی پڕۆژەکە ساڵێک و نیوە و درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە، بودجەی پڕۆژەکەش نزیکەی 30 ملیار دینارە”.

توڕی 964 دەزانێت، دانیشتووانی ناحیەکانی ئەلقوش و فایدە و بەشێک لە قەزای تلکێف و شێخان لەورێگایە هاتوچۆ دەکەن،رێگای نزیکەی 100گوندیشە، رۆژانە سەدان بارهەڵگری گەورە بەرەو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و بەپێچەوانەوە هاتوچۆ لەسەر دەکەن.

شەریف سلێمان دەشڵێت: بە دووسایدکرنی رێگایەکە خەڵکی دەشتی نەینەوا دەحسێنەوە، چونکە ئەم رێگایە بە رێگای مەرگ ناسراوە، تەنیا لە پێنج ساڵی رابردوو نزیکەی 90 کەس گیانیان لەدەستداوە، جگە لەمەش نزیکەی 20 کەسیش بریندار بوونە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق