تەنیا هەشتیان نۆژەن کراونەتەوە

هەوڵی پاراستنی 3000 خانووی کەلەپووریی سلێمانی دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەوڵی پاراستنی 3000 خانووی کەلەپووریی سلێمانی دەدرێت. شوێنەواری سلێمانی دەڵێت، نووسراویان بۆ پارێزگای سلێمانی کردووە تا قەدەغەی کڕین و فرۆشتن و تێکدانیان بخاتەسەر.

خانووەکان کەتوونەتە هەشت گەڕەکی شاری سلێمانییەوە و سەرجەمیان رەهەندی مێژوویی و کەلەپووریی تایبەت بە شاری سلێمانیان هەیە.

تۆڕی 964 دەزانێت، تا ئێستا تەنیا 17 خانوو خاوەندارێتیەکەیان خراوەتە سەر شوێنەواری سلێمانی و لەوانیش تەنیا هەشیان نۆژەن کراونەتەوە.

رەوا کەریم، بەرپرسی خانووە کەلەپوورییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، مەترسی لەسەر ئەو خانووە کەلەپووریانە هەیە و پێویستە زوو بخرێنە سەر شوێنەوار و بپارێزرێن.

ئێستا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار سەرژمێری ئەو خانووە کەلەپووریانە دەکات، کە رووخێندراون یان لەبەر کۆنیان خۆیان رووخاون و رووە کەلەپوورییەکەیان شێوێندراوە.

بەهۆی باشیی شوێنەکانیانەوە دەڕوخێندرێن و دەکرێن بە گەراج و باڵەخانە و شوێنی بازرگانی. ئەمە بە وتەی رەوا کەریم.