پسپۆڕێکی کشتوکاڵ:

بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەرمانی قڕکەر و دەفرەکانیان بکەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

فڕێدانی دەبەی دەرمانە قڕکەرەکان و رشاندنی زیاد لە پێویستی دەرمانەکانیش زیانی زۆریان هەیە. ئەمە وتەی پسپۆڕێکی کشتوکاڵە و دەشڵێت، دەبێت پاشماوەکان بە شێوەی زانستی لەناوببرێن.

ئێستا وەرزی رشاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە بەو مادانەی دەرد و مێرووە زیانبەخشەکان لەناودەبەن، “بەڵام زیادبەکارهێنانیان و جێهێشتنی پاشماوەکانیان زیانی تەندروستی بەدواوە دەبێت”.

بە پێی رێنماییە کشتوکاڵییەکان، کە بەردەوام لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی کشتوکاڵەوە ئاراستەی جوتیاران دەکرێت، نابێت ئەو مادە ژەهرەی بەکاریدەهێنن بۆ هەنگ و ماسی کوشندەبن.

ناسکە عومەر، جێگری بەڕێوبەری کشتوکاڵی دوکان بۆ 964ـی روون کردەوە، ئەو بڕە ژەهرەی لە کۆتاییدا لە دەفرەکاندا دەمێنێتەوە دەبێت دوور لە سەرچاوەی ئاو بخرێتە ژێرگڵەوە و رێگەپێدراویش نییە هیچ کام لە دەفرەکان بە مەبەستی تر بەکاربهێندرێنەوە، “بەڵکو دەبێت بخرێنە ناو چاڵی قووڵ و ژێرخاک بدرێن”.

ناوبراو بە پێویستیشی دەزانێت، پێش رشاندنی ژەهرەکە هەنگەوانان ئاگادار بکرێنەوە تا شەوی پێشتر دەرگای پوورەی هەنگەکانیان دابخەن و تووشی زیان نەبن.

واباشتریشە رشاندنەکە بەر لە وادەی گوڵدەرکردن بێت، چونکە ئەوکاتە هەنگەکان کەمتر مەترسیان لەسەر دەبێت. ئەمەش بەپێی وتەی ناسکە عومەر.