دەڵێن ئاوە گۆگردیەکەی خورماڵ دەرد دەپەڕێنێت

964+
محەمەد عومەر-هەڵەبجە

لە ناحیەی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە ئاوێک هەیە کە بە “گەڕاوەکە” ناسراوە، گوایە دەرد دەپەڕێنێت و خەڵکی سەردانی دەکەن بۆ نەخۆشییەکانیان.

بە قسەی شارەزایان، ئەو ئاوە گەرمە و پڕە لە گۆگرد، سەرچاوەکەی لە چینە قووڵەکانی زەوییەوە هەڵدەقوڵێت.

سەلام غەفوور شارەزا جیۆلۆجی و خەڵکی ناوچەکە بە 964ی وت، ئاوەکە بۆ بواری تەندروستی و چارەسەری نەخۆشی پێست بەکاردێت و خەڵکی لە شارەکانی عێراق و هەرێم سەردانی دەکەن، بەمدواییانە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری بۆ خورماڵ.

964 دەزانێت، خەڵکی بە مەبەستی چارەسەری گەڕی، پتەوبوونی ئێسکەکان و لابردنی زیپکە سەردانی ئاوەکە دەکەن.

ئاوەکە لە سێ حەوز پێکدێت کە یەکێکیان تایبەتە بە ژنان و دانەیەکیان تایبەتە بە پیاوان و سێیەمیان لە دەرەوە حەمامی تایبەتی بۆ درووستکراوە بۆ خۆشۆردنی سەردانیکەران.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر