چوار هێزی رۆژهەڵات بۆ ٩٦٤:
هیچ چەکدارێکمان لەناو ئێران و ناڕەزایەتییەکاندا نییە
میدیازان – كوردستان ئەحمەد – هەولێر
کۆیەو زڕگوێز بەهەزاران کیلۆمەتر لەچەقی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانەوە دوورن، بەڵام بەدوێنێوە ئەمە سێیەم جارە پڕیشکی ئاگری ئەو ناڕەزایەتییانە دەگاتە ئەم دوو شارۆچکە بێوەیە کە کەمپی هێزە کوردییە ناڕازییەکانی ئێرانی لەخۆگرتووە.
بۆ دوو مانگ دەچێ ناڕەزایەتییەکان لەئێران نەسرەوتووە، رۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ هەواڵی مردنی ژینا ئەمینی کچە کوردە سەقزییەکە لەتاران بڵاوبووەوە، ژینا لەو کاتەی بەئۆتۆمبێل بۆ نەخۆشخانە دەگوازرایەوە گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی پۆلیسی رەوشتی ئێران بەتۆمەتی لادانی سەرپۆشەکەی دەستگیریان کردبوو.
رۆژێک دوای ئەو رووداوە زنجیرەیەک ناڕەزایەتی لەزۆربەی شارە سەرەکییەکانی ئێران سەریهەڵداو بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ خەڵکی ئێران رژانە سەرشەقامەکان و تائێستاش ئەو ناڕەزایەتییانە بەردەوامە.
هێزەکانی ئێران تەنیا لەناوخۆی ئەو وڵاتە رووبەرووی ناڕەزایەتییەکان نەبوونەوە، بەڵکو کاردانەوەیان پەلیکێشا بۆ ئەودیو سنورو رۆژی ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە موشەک و درۆنی خۆتەقێن هێرشیان کردە سەر کۆیەو زڕگوێزو پردێ، لەو سێ شوێنە بارەگای حیزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی ئازادی کوردستان هەیە.
حاسڵاتی قوربانییەکان ١٧ کوژراوو ٣٢ بریندار بوون، لەگەڵ خاپووربوونی بەشێکی زۆری بارەگای ئەو حیزبانە، قوتابخانەو ماڵی لایەنگرانی ئەو حیزبانە بێبەش نەبوون لەو هێرشە، ئێران لەرێی سوپای پاسدارانەوە بەڤیدیۆوە رایگەیاند کە ئەوان ئەو کارەیان کردووە، چونکە حیزبەکانی رۆژهەڵات دەستیان هەبووە لەناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران.
ئەو حیزبانە بیانووەکەی ئێران بەناڕەوا دەبینن و باسی ئەوە دەکەن کە ئەوان هیچ جموجۆڵێکی سەربازییان نییە لەئێراندا تا بەو شێوەیە بەمووشەک و درۆن وەڵام بدرێنەوە.
فواد خاكی بەگی ئەندامی سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێی وایە ئەوەی ئێران دەیکات تەنیا بۆ ئەوەیە سەرنج لەسەر ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان لاببات ‘ئەگەر نا خۆ ئێمە بەلوج و ئازەری و تارانیەكانمان هان نەداوە ئەوان خۆیان هاتوونەتە سەر جادە’.
خاکی بەگی بە٩٦٤ی وت کە ئەوان دوای ٧٥ ساڵ خەبات لەرۆژهەڵات لایەنگریان زۆرەو هەموویان هاوسۆزن لەگەڵ ئەو خۆپیساندانانەو تیایدا بەشدارن، بەڵام ‘لەرووی سەربازییەوە هیچ پێشمەرگەیەكی ئێمە نەچوەتە رۆژهەڵاتی كوردستان و هانی كەسی نەداوە بەچەکداری دژی ئێران چالاكی بكات’.
هێرشەکانی ئێران دەستی لەهیچ یەکێک لەحیزبەکانی رۆژهەڵات نەپاراست و هەموویان پشکی خۆیان بەرکەوت.
پارتی سەربەستی کوردستان یەکێکە لەپارتەکانی رۆژهەڵات کە لە ٢٠٠٦ دامەزراوەو بارەگاکانی لەکۆیەیەو دراوسێی حیزبی دیموکراتە، ئەوانیش پشکی خۆیان لەموشەک و درۆن بەرکەوت.
عارف باوەجانی سەرۆكی پارتی سەربەستی كوردستان بە ٩٦٤ی وت ‘بەهیچ شێوەیەك دەستی سەربازییمان نییە لەنێو خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی ئێراندا وبەڵكو رێكخستن و هاوسۆزی و هاوئاهەنگی لە نێوان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و حزبە سیاسیەكاندا هەیە كە چۆن داوای مافی خۆیان بكەن بەڵام ئەوە ناكاتە ئەوەی حزبەكان رۆڵێكی خراپ و ئاژاوە گێڕیانە لە ناوخۆی ئێراندا بگێڕێت’.
ئەمە ئەو زانیارییەیە کە باقی هێزەکانی تری رۆژهەڵات جەختی لێدەکەنەوە دەڵێن ئەوان بەدڵ پشتیوانی لەناڕەزایەتییەکان دەکەن، بەڵام فیشەکێکیان تیا نەتەقاندووە.
ئارام مودەڕیسی بەرپرسی سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ٩٦٤ی وت ‘ لەناو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵ و پێگەیەكی گەورەمان هەیە لەناو خەڵكیدا و دەمانەوێت لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەبات بكەین و رۆڵمان لە بونیادنانەوەی ئێراندا هەبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رۆڵمان نییە لە خۆپیشاندانەكاندا بەشێوەیەكی سەربازی’.
پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ناوی ‘هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان’ کۆبوونەتەوە بارەگاکەیان لە کۆیەیە، جەمال پوركەریم سەرۆكی هاوپەیمانتییەکە بە ٩٦٤ ی وت ئەوانیش تەنیا لەرووی مەدەنییەوە بەشداری نارەزایەتییەکان و بە پێشمەرگو چەک و تفاق نەچوونەتەوە ئەودیو.
هەموو هێزەکانی رۆژهەڵات لەدواین هێرشی یەکەمەوە هەموو لێدوانەکانیان بەو ئاڕاستەیەیە کە ئەوان داینەمۆی سەرەکی ناڕەزاییەکان نیین، بەڵام ئەمە هیچی لەپلانەکەی ئێران نەگۆڕی.
رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم جارێکی تر ئێران بەموشەک و درۆن هێرشی کردەوە سەر بارەگاکانی ئەو هێزانە لە کۆیەو زڕگوێز، لەوەدا یەک کوژراوو یەک بریندار هەبوون.
دوێنێش جارێکی تر هەمان ئەو بارەگایانە کرانەوە ئامانج و دوو کوژراوو هەشت بریندار هەبوون.
لەوەناچێت ئێران بەوەوە بوەستێت، محەمەد پاکپور فەرماندەی هێزی وشکانی ئێران بەمیدیاکانی ئەو وڵاتەی وتبوو ئەوان هێرشەکان راناگرن تا ئەوکاتەی حکومەتی هەرێم هەموو هێزە نەیارەکانی ئێران لەچەک دادەماڵێت و هەموویان لەیەک کەمپدا کۆدەکاتەوە، ئەمە ئەو داواکارییەیە کە ئەو چوار هێزەی ٩٦٤ قسەی لەگەڵ کردن رەتی دەکەنەوە، تا ئەو کاتەش خۆیان بۆ درۆن و موشەکی زیاتر ئامادە کردووە.