نازدار لەدایکبوونی خۆی بڵاودەکاتەوە

میدیازان – پەرستۆ ساڵح – هەولێر

نازدار، هونەرمەندی ناسراوی کورد، بۆ رۆژی لەدایکبوونی، گۆرانییەکی نوێ بە شێوەی کلیپ بڵاودەکاتەوە بە ناوی “رۆژبونا من”.

گۆرانییەکە لە ئاواز و هۆنراوەی نازدار خۆیەتی، وا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بڵاوی بکاتەوە.

نازدار نهێنی هەڵبژاردنی ناوی گۆرانییەکەی بۆ میدیازان ئاشکرا کرد و وتی، “ویستم لە رۆژی لەدایکبوونم دیاریەک پێشکەش بە هەوادارانم بکەم، پەیامی من ئەوەیە کە مرۆڤەکان هیچ کات بێ هیوا نەبن لە ژیان و هەمیشە بە هیواوە بژین و کۆڵ نەدەن لە بەدیهێنانی خەونەکانیان”.

نازدار دەڵێت، جگە لەو کارەی، چەندین پڕۆژەی دیکەی هونەری ئامادەیە لە ستایلی شادی و خەم ئامێز، بەڵام چاوەڕوانە لە کاتی گونجاودا بڵاویان بکاتەوە.

ئەو هونەرمەندە ناوی تەواوی نازدار حەسەنە، ٣٥ ساڵە، دایکی منداڵێکی کچە، زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی هونەریی هەیە، لە بنەچەدا خەڵکی ناوچەی جەزیرەی بۆتانە لە باکوری کوردستان، بەڵام کاتی خۆی خێزانەکەی چوونەتە ئەڵمانیا، هەر بۆیە ئەمیش لەو وڵاتە گەورە بووە.