تەقە لە پۆلیسی راپەڕین کراوە و کەسێک بریندارە
964+
ژێوار خدر
لەناو بازاڕی رانیە شۆفێری سەیارەیەکی جامڕەش لەگەڵ دوو ئەفسەری هاتوچۆ دەبێتە دەمەقاڵێی کاتێک داوای ئیجازە و سەنەوی لێکراوە، دواتر پۆلیسی فریاکەوتن دێتە نێوانیانەوە و شەڕ دروست دەبێت، پۆلیسێک بریندارە.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمە روویداوە، دەوترێت شۆفێرەکە کوڕێکی گەنج و سەیارەکەش لە جۆری کریسلەر (ئۆباما) بووە.
بەپێی زانیارییەکانی 964، دوای دەمەقاڵێکە، سەیارە جامڕەشەکە هەڵهاتووە و پۆلیسی فریاکەوتنی راپەڕین شوێنی کەوتووە، دواتر شۆفێرەکە تەقە دەکات و ئێستا یەکێک لە پۆلیسەکان بریندارە.
بە قسەی سەرچاوەیەکی باڵا لە پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین، فیشەک بەر زەوی کەوتووە و هەڵبەزیوەتەوە و ئینجا بەر پۆلیسێک کەوتووە، بەڵام بریندارییەکەی سووکە و مەترسی لەسەر ژیانی نییە.
سەرچاوەکە ئەوەیشی وت، شۆفێرەکە و دوو ئەفسەرەکەی هاتوچۆ و بەشێک لە پۆلیسەکانی فریاکەوتنیش دەستگیرکراون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر